سەرۆکی حکوومەت بە فەرمی چاودێری پڕۆژەیاسای چاكسازی دەکات

سەرۆکی حکوومەت بە فەرمی چاودێری پڕۆژەیاسای چاكسازی دەکات

پەیامی کورد     ...    ئەندامێكی لیژنەی باڵای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بڕیارە تاوەكو هەفتەی داهاتوو هەموو لایەنەكان ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی پێشكەشی لیژنەكە بكەن و دەشڵێ، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دووەم كۆبوونەوە لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە ئەنجام دەدرێت و سەرۆكی حكوومەتیش خۆی چاودێریی پڕۆژەیاساكە دەكات.

محەمەد سەعدەددین، ئەندامێكی لیژنەی باڵای چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند : دوای ئەوەی لیژنەی باڵای حكوومەت و پەرلەمان یەكەم كۆبوونەوەی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی ئەنجام دا، داوا لە هەموو لایەنەكان كراوە تاوەكو هەفتەی داهاتوو ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە پێشكەشی لیژنەی باڵا بكەن و لە ناوەراستی هەفتەی داهاتووشدا لیژنەی هاوبەشی حكوومەت و پەرلەمان دووەم كۆبوونەوە لەسەر رای لایەنەكان ئەنجام دەدات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی چاكسازی گوتیشی، سەرۆكی حكوومەت خۆی سەرپەرشتی و چاودێریی پڕۆژەكە دەكات و بڕیارە دوای ئەوەی لایەنەكان رای خۆیان پێشكەش دەكەن، حكوومەت پڕۆژەكە ئامادە بكات و بۆ پەرلەمانی رەوانە بكات، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كارەوە و پەسەند بكرێت.

دەشڵێ، بە شێوەیەكی گشتی هەموو لایەنەكان كۆكن لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە و تەنها هەندێك لایەن هەندێك وردە تێبینییان هەیە، كە ئەوەش بە گفتوگۆ چارە دەكرێت.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە