بەپەلە ... بەریتانیا هەناردە پۆستییەکانی ئێرانی بۆ ئەو ووڵاتە ڕاگرتووە
پەیامی کورد ... ئیدارەی پۆستەی بەریتانیا " ڕۆیال مەیل " سەرەڕاستی کردەوە کە هەناردنی نامە و شت و مەکی پۆستی بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار ڕاگرتووە .
بە پێی ڕاپۆرتێک لە " ئێقتێساد نیووز " ڕۆیال مەیل بە هۆکاری گەمارۆوەکانی دژ بە ئێران ئێستا توانای ئەوەی نییە پاکەت و نامەیەک بۆ ئێران ڕەوان بکات .
هەروەها ڕۆیال مەیل ڕایگەیاندووە ڕاوەستاندنی هەناردەکردنی هەموو شت و مەکە پۆستییەکان لە دوازدە ڕۆژ پێش ترەوە دەستی پێکردووە و ئەو پاکەتانەی کە هێشتا لە بەریتانیا بن ، بۆ نێردراوەکانیان دەگەڕێندرێتەوە .
کۆمپانیای پۆستی پارسێل پۆست کە لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ڕۆیال مەیل ە هەروەها بە ئاماژەدان بە ئەو گەمارۆیانەی کە چەسپاون ، هەناردنی پاکەتەکانی بۆ ئێران تا کاتێکی نادیار ڕاگرتووە .
حەمید بەدیعی نەژاد باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لەندەن هەروەها لە سەر ئەم هەواڵە کاردانەوەی نیشان دا و ئەم کارەی بە شۆکێکی گەورە ناو برد .
بەدیعی هەروەها نووسیویەتی " کە پێداچوونەوەکان نیشانیان دا کە وەزارەتی دەرەوە و کۆمپانیای پۆستەی بەریتانیا خۆیان لەم بەیانیە کە لە لایان ئەم کۆمپاینایەوە راگەێندراوە تووشی شۆک بوونە ."
باڵیۆزی ئێران هەروەها نووسیویەتی کە " ئەوان قەولی ئەوەیان داوە کە بە جیددییەتەوە بە دوای چارەسەرکردنی بەپەلەی ئەم بڕیارەوە بن "
بەدیعی نەژاد هەروەها لە پەیامە تویتەریەکەی خۆیدا ڕایگەیاند لە ئەگەری ئەوەی کە ئەم کێشەیە تا سبەی چارەسەر نەبێت باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن چەند ڕێکارێک بۆ وەرگرتنی نامە پۆستییەکان بە مەقسەدی ئێران و ڕادەست کردنی بە شێوەی بەلاش و بێ پێدانی پارە بە پۆستەی ئێران ڕادەگەێنێت .