بەپەلە ... بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێک کوژراو چەند کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوون
بە تەقەی ڕاستەوخۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان کۆڵبەرێکی کورد کوژرا و چەند کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، کاتژمێر ١١ی شەوی سێشەممە " ٢٤ی ژوئیەی ٢٠١٨ " ، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای زەینی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری ئورمیە، پۆلێک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک گیانی لە دەست داوە.
هەروەها ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە گیانی لە دەست داوە ”ڕەشید محەمەد عەلی تەمەن ٣٤ ساڵ و “ خەڵکی گوندی ”شکڵ ئاوای“ سەر بە ناوچەی " مەرگەوەری " ئورمیە ڕاگەیندراوە.
تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە ڕوانەی پزیشکی یاسایی ئورمیە کراوە بەڵام ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
یەکێک لە کۆڵبەرە هاوڕێیەکانی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە ڕایگەیاندووە : لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا چەند کۆڵبەری دیکەش بریندار بوونە کە چارەنووسیان نادیارە.