بەپەلە ... خامنەیی بە دەستی خۆی گۆڕی خۆی و ڕژیمەکەی هەڵکەند
پەیامی کورد ... عەلی خامنەیی، رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین دەربڕی و رایگەیاند، "دەبێت زیادکردنی نرخی بەنزین جێبەجێ بکرێت".
رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، پێویستە پلانی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، بەرپرسیاریەتی "هەمو کارێکی تێکدەرانە"شی خستە ئەستۆی "نەیارانی شۆڕش و دوژمانان"ه ئێران.
لێدوانەکەی رابەری ئێران لە کاتێکدایە عەبدولرەزا رەحمانی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوەوە کە بەهۆی گرانبونی نرخی بەنزین بۆ دو بەرامبەر دەستیپێکردوە چەند کوژراون و برینداربون.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنا دوێنێ شەممە لە راگەێندراوێکدا باسی لەوەکرد، بەهۆی بڕیاری حکومەتی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ دوو بەرامبەر " هەزار و ٥٠٠ تمەن بۆ سێ هەزار ٥٠٠ تمەن)، هاوڵاتیانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە ناڕەزاییان دەربڕی و لە هەندێ شاریش روبەڕوبونەوە لەگەڵ پۆلسیدا رویداوە.
باسی لەوەشکردوە، لە شارەکانی شیراز و بەندەرعەباس و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندانی ناوبەناو بەڕێوەدەچێت و بەشێک لە شۆفێران وەکو ناڕەزاییەکان بۆ گرانبونی بەنزین ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شەقامەکان راگرتوە، ئەوەش هاتوچۆی لە نێوان شەقامەکانی ئەو شارەی باشوری ئێران پەکخستوە.