بوومەلەرزەیەک بە گوڕی زیاتر لە ٦ پلەی ڕێختەر فلیپینی هەژاند
پەیامی کورد... بوومەلەرزەیەک بە گوڕی زیاتر لە ٦ پلەی ڕێختەر فلیپینی هەژاند
بوومەلەرزەیەکی بەهێز کە شارۆچکەیەکی لە باکووری فلیپینی هەژاند، زیانێکی بەرچاوی لێکەوتەوە و خەڵکی ناوچەکەش بە تەواوی ترساون.
بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، بوومەلەرزەکە بەگوڕی ٦.٤ پلەی رێختەر لە شارۆچكەی دۆلارێس لە پارێزگای ئابرای فلیپینی داوە. پاش رووداوەکە سەدان کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون و شەش کەسیش راستەوخۆ بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تووشی برینداری سەخت بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە کە دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە، ژمارەیەک بوومەلەرزەی دیکە روویدا، کە ترسێکی زۆری درووستکرد و وایکرد هەندێ نەخۆشخانە چۆڵکران و نەخۆشەکان تا بەیانی لەسەر شەقام خەوتن.
هاوکات دەرکەوت زۆربەی باڵەخانەکان درزیان تێکەوتووە و قوتابخانە و بەشێک لە دامەزراوە گشتییەکان لە شارۆچکەکە داخران بۆ سەلامەتی گیانی هەموولایەک.