TR KU SO
FB X
Cîhan

گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعوودیە دەست پێ دەکەنەوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 23 Nisan 2022 22:04

پەیامی کورد... گفتوگۆکانی نێوان ئێران و سعوودیە دەست پێ دەکەنەوە

دوای ڕاگرتنی بۆ چەند مانگێک، لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا دەستیان پێکردووەتەوە و هەر دوو وڵاتی هەرێمی ناوچەکەش خواستی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان نەشاردوەتەوە، کەماوەی زیاتر لە شەش ساڵە پەیوەندییەکانیان بەهۆی چەندین دۆسیەی ناکۆکەوە پچڕاوە.

ئەمڕۆ شەممە ٢٣ ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق کە نەویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە بە کرداری گفتوگۆکانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا دەستیان پێکردووەتەوە.

لای خۆشیەوە ئاژانسی نوور نیووزی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان تاران و ڕیاز لەسەر ئاستی نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری سعوودیە ئەنجام دراون، گفتوگۆکانیش ئەرێنی بوون و ئومێدی ئەوەی لێ دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ئاسایی ببنەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا هەر دوو وڵات لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆ ببنەوە و ژمارەیەک ڕێککەوتنامەش واژۆ بکەن.

لە ساڵی ٢٠١٦وە، لەدوای لەسێدارەدانی نمر ئەلنەمر، کەسایەتی ئایینی شیعە مەزهەبی سعوودی لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتی "نانەوەی فیتنە"، پەیوەندی دیپلۆماسیی نێوان ئێران و سعوودیە پچڕا بە تایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەک کەس لە لایەنگرانی دەسەڵاتی ئێران لە وەڵامی لە سێدارە دانی ئەلنەمردا هەڵیان کوتایە سەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە مەشهەد.

Paylas: