حەوت گەشتیاری عێراقی لە ئێران گیانیان لەدەستدا
پەیامی کورد... حەوت گەشتیاری عێراقی لە ئێران گیانیان لەدەستدا
جێگری پارێزگاری خوراسانی ئێران، ڕایگەیاند کە پاسێکی بچووک بە هۆی لافاوەوە وەرگەڕاوە و لە ئەنجامدا حەوت لە سەرنشینەکانی کە گەشتیاری عێراقی بوونە، گیانیان لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە میدیاکانی ئێران لەسەر زاری موحسین داوەری، جێگری پارێزگاری خوراسان، بڵاویان کردەوە کە ١٢ گەشتیاری عێراقی بە پاسێکی بچووک ویستوویانە سەردانی مەزارگەی ئیمامزادە یەحیا لە دەوروبەری شاری مەشهەد بکەن، بەڵام لافاو ئۆتۆمبێلەکەی ئەوانی لەگەڵ خۆی بردووە. لەو ڕووداوەدا کە ڕۆژی شەممە (٣٠ی تەمووز) ڕووی داوە، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. لەو حەوت کەسەی گیانیان لەدەستداوە، پێنجیان ژنن.
ناوبراو وردەکاری زیاتری لەبارەی ناسنامەی ئەو گەشتیارە عێراقییانە بڵاو نەکردووەتەوە.
هاوکات بە پێی ئامارەکانی حکومەتی ئێران، ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری عێراقی سەردانی شارەکانی ئێران و بەتایبەت مەشهەد دەکەن.
جێی باسە چەند ڕۆژێکە، لافاو چەندین پارێزگاری ئێرانی گرتووەتەوە و تا ئێستا بە هۆیەوە ٦٩ کەس گیانی لەدەستداوە.