هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی تورکیا لە چوار ناوچە دووبارە دەكرێنەوە
سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا رایدەگەیەنێت؛ لە 2ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە چوار ناوچەی توركیا و باكوری كوردستان دوبارە دەكرێنەوە.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ڕایگەیاند، پڕۆسەی سكاڵاكردن لە بڕیارەكانی دەستەی هەڵبژاردنی شار و شارۆچكەكان كۆتایی هات و پڕۆسەی تۆماركردنی سكاڵای نایاساییش لە 14ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.
سەبارەت بە سكاڵاكانیش، یەنەر وتی: “ناڕەزایەتییەكانی ئاك پارتی لە ناوچەیەك قەبوڵ كرا، ناڕەزایەتییەكانی جەهەپەش لە ناوچەیەك قەبوڵ كرا، هەروەها ناڕەزایەتییەكانی مەهەپەش لە ناوچەیەك قەبوڵ كراوە و ناڕەزایەتییەكانی دەم پارتیش لە دو ناوچە لەلایەن لیژنەی بەڕێوەبەرییەوە قبوڵ كراوە".
ئاماژەی بەوەكرد، ڕۆژی 2ی حوزەیران لە ناوچەكانی (پنارباشی قەیسەری، كورنێ ڕەش لە ڕەحا، لە شارۆچكەیەكی ئەدرنە و لە ناوچەیەكی سێواس)، هەڵبژاردن دوبارە دەكرێتەوە.