قۆناغی دووەمی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی "خەزەڵوەر" بەڕێوە چوو
پەیامی کورد... قۆناغی دووەمی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی "خەزەڵوەر" بەڕێوە چوو
ڕۆژی هەینی ٤ی شوباتی ٢٠٢٢، قۆناغی دووەمی دادگای نێونەتەوەیی خەڵکیی "خەزەڵوەر"، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوو.
هاوسەری یەکێک لە کوژراوانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ کە یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ئەو خۆپیشاندانانە بووە، هەروەها ئاگاداری ئەوە بووە کە چۆناوچۆن لەنێو بیشەڵانەکانی "ماهشەهر" سەر بە پارێزگای "ئەلئەحواز" هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران خەڵکیان کوشتووە، لەو دادگایەدا بە ناوی "شایەتی ٥٣٠"، شایەتیی داوە.
"شایەتی ٥٣٠" لە پەیوەندی لەگەڵ تەقەکردن لە خۆپیشاندانەکانی "ماهشەهر" وتوویەتی: "خەڵک بۆ لای بیشەڵانەکە هەڵدەهاتن و هێزە نیزامییەکانیش بە چڕی تەقەیان لێ دەکردن، من نەمبینی کەسێک بە زیندوویی لەو شوێنە بێتە دەرەوە، تەنیا دیتم کە مەئموورەکان تەرمی کوژراوەکانیان ڕادەگواست".
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ١٠ی سەرماوەی ٩٨ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨، نزیک بە ١٠٠ کەس لە بیشەڵانەکانی "ماهشەهر" کە وەکوو پەناگەیەک لەو شوێنە کەڵکیان وەرگرتبوو لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە کوژراون.
بە دوای ئەو ڕاپۆرتە "موحسین بیراوەند" فەرماندار و "ڕەزا پاپی" فەرماندەی هێزی ئینتزامیی "ماهشەهر" ئەو کوشتارەیان پشتڕاست کردەوە.
"وین جرداش" سەرۆکی ئەو دادگایە و لە سەرەتای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: "ڕژێمی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجام نەداوە، هەروەها ڕژێمی ئێران لەسەر ویستی داواکاری گشتی دەبوایەت لەو دادگایەدا ئامادە بێت، بەڵام وەڵامی نەداونەتەوە".
قۆناغی دووەمی ئەو دادگایە بۆ گوێگرتن و بەدواداچوونی قسەکانی ١١٦ کەس کە لەو پەیوەندییەدا شایەتی دەدەن بەڕێوە چووە و هەتا ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
دادگای نێوە نەتەوەی خەڵکیی خەزەڵوەر، لەلایەن ڕێکخراوەکانی "عیداڵەت بۆ ئێران، مافی مرۆیی ئێران و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پێکەوە دژی سێدارە" پێک هاتووە.