لێبوردنی نێونەتەویی شوناسی ٤٤ منداڵی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون، بە دیکۆمێنت کرد
پەیامی کورد... لێبوردنی نێونەتەویی شوناسی ٤٤ منداڵی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون، بە دیکۆمێنت کرد
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی وێڕای بە دیکۆمێنتکردنی شوناسی ٤٤ منداڵ کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، رایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشە و گوشارێکی توندی خستووەتە سەر ١٣ بنەماڵەی ئەو منداڵانە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەویی کە بەشێک لە زانییارییەکانی لە ئاژانسی کوردپا و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان وەرگرتووە، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی شەممە، ١٩ی سەرماوەز بڵاوی کردوەتەوە، رایگەیاندووە کە شوناسی ٤٤ کەس لەو منداڵانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، دیکۆمێنت کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٣٤ کەس لەو منداڵانە بە بەرکەوتنی فیشەکی شەڕ بە سەر و دڵیان گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها لانیکەم ٤ منداڵ بە گوڵڵـەی ساچمەیی کە لە مەودای کەمەوە تەقەیان لێکراوە، کوژراون.
بە وتەی ئەو ڕێکخراوە ٥ کەس لەو منداڵانە بەهۆی زەربە و لێدانی قورس و منداڵێکش بە تەقەی گازی فرمێسکڕێژ کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونەتەویی لەنێوان ئەو ٤٤ منداڵە کوژراوە، ١٨ کەس لە بەلووستان واتا زیاتر لە ٤٠ لەسەد و هەروەها ٢٠ لەسەدیش لە شارەکانی کوردستان کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، منداڵان ١٤ لەسەدی کوژراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پێک دێنن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاوی کردووەتەوە کە ترس، تۆقاندن، سەرکوت و ڕەفتاری هۆڤانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکان کە ڕاستەوخۆ بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، جینایەتێکی ئاشکرایە.