لە ئاهەنگێکدا لە ئێران 14 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولییەوە گیانیان لەدەستدا
پەیامی کورد... لە ئاهەنگێکدا لە ئێران 14 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولییەوە گیانیان لەدەستدا
لە ئاهەنگێکی خێزانیدا لە شاری کەرەجی ئێران 84 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولیی ساختە ژەهراوی بوون. بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای ئەلبورز-یش دەڵێت، 14ـیان گیانیان لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە 17ـی حوزەیرانی 2023، میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردەوە: لە ئاهەنگێکی خێزانی و چەند شوێنێکی دیکەی شاری کەرەجی ناوەندی پارێزگای ئەلبورز لە ئێران، خواردنەوەی کحولیی ساختە بووە هۆی ژەهراویبوونی 95 کەس.
لای خۆیەوە شەهرام سەیادی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای ئەلبورز بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە: "ئەو هاوڵاتییانە بەهۆی ئەوەی درەنگ گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، 14 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسیش لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان".
ناوبراو وتویەتیشی: سەرجەم ژەهراویبوان توشی کێشەی هەرسکردن، هەناسە سواری، لێڵبوونی بینایی و سەرگێژخواردن هاتون و تەمەنی توشبوانیش لەنێوان 16 بۆ 50 ساڵانە.
هەرچەند بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خواردنەوە و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان لە ئێران قەدەغەیە، بەڵام بەهۆی زۆربوونی رێژەی ژەهراویبوان، بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای ئەلبورز دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕوداوەکە کردووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای ئەلبورز، بە فەرمانی دادوەر، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە کراوەتەوە کە خواردنەوە کحولییە ساختەکانیان فرۆشتووە و بڕیاری دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچووە.