لەهێرشێکی ئیسرائیلدا دەیان کەس کوژران
پەیامی کورد... لەهێرشێکی ئیسرائیلدا دەیان کەس کوژران
شەوی رابردوو لەکاتێکدا لە زۆرینەی شارەکانی جیهان ئاهەنگەکانی نزیکبوونەوەی سەری ساڵی زاینی بەڕێوەدەچوو، هاوڵاتییانی کەرتی غەززە لە فەڵەستین لەژێر ئاگرباران و مووشەکی ئیسرائیلدا رۆژیان کردەوە و بەگوێرەی تەندرووستیی فەڵەستین تەنها شەوی رابردوو 78 کەس کوژراون.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە هەواڵێکیدا رایگەیاند، شەوی رابردوو یەکێک بووە لە سەخترین شەوەکانی 11 هەفتەی رابردووی شەڕو ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس؛ بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لانیکەم 78 کەس کوژراون.
تۆپبارانەکان چەند کاتژمێرێک پێش نیوەی شەو دەستیان پێکردووە و سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و تۆپهاوێژەکانی بۆردوومانی ناوچەی بەریج-ی کردووە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە و 8 هاوڵاتیی کوژراون.
زۆرترین رێژەی کوژراوان لە هێرشەکانی شەوی رابردووی ئیسرائیل بووە بۆسەر ناوچەی مەغازی لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لانیکەم 70 کەس کوژراون و بە ووتەی ئەشرەف قیدرا، وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین، زۆرینەی کوژراوەکان ژن و منداڵن.
پۆپ فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی رابردوو رایگەیاند کە ئەو دڵتەنگە بەوەی کە لەسەر ئەو خاکی “عیسا”ی مەسیح کوشت و بڕ و ”جەنگی بێ هوودە” بەڕێوەدەچێت و ئەوان پەیامی ئاشتیان پێیە بۆ هەموو جیهان.
سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندرووستیی کەرتی غەززە هاتە دەنگ و دەڵێت ئەوان لێکۆڵینەوە لە راپۆرتەکانی ناوچەی مەغازی دەکەن چونکە ئەوان “هەوڵدەدەن ژمارەی قوربانییانی مەدەنی بۆ کەمترین ئاست دابەزێنن”.
لای خۆشییەوە، بزووتنەوەی حەماس تەواوی دەنگۆکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپەکە لەناو جەرگەی کەرتی غەززە و رایگەیاند، “هیچ چەکدار و گرووپێکمان لەو شوێنانە نییە کە دانیشتوانی مەدەنی لێن”.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس پێی نایە هەفتەی 11هەمینەوە و بەگوێرەی نوێترین داتاکانی تەندرووستیی فەڵەستین، زیاتر لە لە 20 هەزار کەس لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی گرژی و ململانێکان (7ـی تشرینی یەکەم) تا ئێستا کوژراون و پێشبینی دەکەن تەرمی هەزارانی دیکەش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بن کە تا ئێستا نەتواندراوە دەربهێندرێن.