لە خۆپێشاندانەکانی خوزستان ٢ کەس کوژراون
پەیامی کورد … لە خۆپێشاندانەکانی خوزستان ٢ کەس کوژراون
خۆپیشاندان و ناڕەزایی دانیشتوانی عەرەبی شارە جیاجیاکانی پارێزگای خووزستانی ئێران ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستی پێکردووە و شەوی ڕابردوو بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری سووسەنگرد، دوو گەنجی خۆپیشاندەر کوژراون.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، لەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەدا کە چەند ڕۆژێکە لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای خووزستان بەهۆی نەبوونی ئاو و خزمەتگوزاری دەستی پێکردووە، دوو خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.
ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییانە لە خووزستان لە کاتێکدایە کە مەحموود ئەحمەدی نوێنەری شاری شازندی خووزستان لە پەرلەمانی ئێران لەمبارەوە لە تویتێکدا بە ئەو خۆپیشاندانانەی بە "پیلان بۆ خوێنڕشتن" لەقەڵەم داوە و نوێنەرێکی دیکەی پەرلەمان بەناوی مەجید ناسری نەژاد لەبارەی خۆپیشانداەکان نووسیویە: "بابەتەکە جێگەی گاڵتە نییە و دوژمن بەتەمای نانەوەی پشێوی و ئاژاوەیە".
شەوی ڕابردوو لانیکەم لە ١٧ شار و شارۆچکەی پارێزگای خووزستانی ئێران بەهۆی نەبوونی ئاو و خزمەتگوزاریی دیکە خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان وەڕێ خستووە.
ماوەیەکە قەیرانی بێ ئاوی ڕووی لە بەشێکی زۆر لە پارێزگاکانی ئێران کردووە، هاوکات لەگەڵ نەبوونی ئاو، کارەبا لە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئێران لە ڕەوشێکی خراپدایە و ڕۆژانە سێ بۆ چوار کاتژمێر دەپچڕێت.