TR KU SO
FB X
Cîhan

لەئێراندا 120 هەزار منداڵ بە ناچاریی کار دەکەن

Rozan Ateş
Yazar
📅 18 Nisan 2023 16:06

پەیامی کورد... لەئێراندا 120 هەزار منداڵ بە ناچاریی کار دەکەن


دامەزراوەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات 120 هەزار منداڵی کار لە وڵاتەکە هەیە و ژمارەی ئەو منداڵانەشی پاشماوەکان کۆدەکەنەوە زۆر بوە.

محەمەدڕەزا حەیدەری لێپرسراوی نوسینگەی زیانلێکەوتوانی کۆمەڵایەتی لە دامەزراوەی تایبەت بە ژیانی باشتر (بەهزیستی) لە ئێران رایگەیاند؛ لە ساڵێکدا 14 هەزار و 500 منداڵی ئیشکەر لەسەر شەقامەکانی دەستنیشان کراون کە 10 هەزار و 500 منداڵیان لە لایەن ئەو دامەزراوەیەوە خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت و ژمارەیەکیش لەو منداڵانە ئامادەنەبون خزمەتگوزاریەکان وەرگرن.

حەیدەری ئاماژەی بەوە کردوە کە کۆکردنەوەی منداڵانی سەرشەقام نابێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو دیاردەیە لە ئێران و دەبێت بیر لە چارەسەری ریشەیی ئەو دیاردەیە بکرێتەوە.

بە وتەی ئەو ئەگەر منداڵانی سەرشەقامەکان کۆکرێنەوە ئەوا بە ناچاری رو لە کاری کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی پلاستیک و ئاسن و … دەکەن و لە هەندێک حاڵەتیشدا دور نییە ئەو منداڵانە بە مەبەستی گواستنەوە و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان بەکارنەهێنرێن.

وتیشی لە چەند ساڵی رابردودا ژمارەی ئەو منداڵانەی بە نهێنی کار دەکەن و پاشماوەکانی زبڵ کۆدەکەنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بوە چونکە حکومەت منداڵانی ئیشکەر لەسەر شەقامەکان کۆدەکاتەوە و رێگرییان لێدەکات.

قەیرانی ئابوریی و کەمبونەوەی داهات و سەرهەڵدانی هەژاریی لە ئێران بە هۆکاری زۆربونی منداڵانی کار لە سەر شەقامەکان لەقەڵەم دەدرێت.

 

Paylas: