ژمارەیەکی دیکەی کۆچبەر لە بێلاڕووسەوە دەگەڕێندرێنەوە
پەیامی کورد … ژمارەیەکی دیکەی کۆچبەر لە بێلاڕووسەوە دەگەڕێندرێنەوە
بەفڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراق، 420 کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا، دەگەڕێندنەوە.
ماجد گەیلانی، دیپلۆماتکاری عێراقی لە رووسیا و بێلاڕووس بە ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی راگەیاندووە: نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-12-2021، 420 کۆچبەر لە فڕۆکەخانەی مینسکی پایتەختی بێلاڕووسەوە دەگەڕێندنەوە عێراق.
بڕیاربوو ئەو کۆچبەرانە لە رۆژی چوارشەممە 1-12-2021 بگەڕێندنرێنەوە، بەڵام هێڵی ئاسمانیی عێراقی رایگەیاندبوو: گەشتە ئاسمانییەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە دواخراوە.
رۆژی 28-11-2021، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: کۆی گشتیی کۆچبەرە گەڕێندراوەکان هەزار و 894 کۆچبەرە کە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕێندراونەتەوە.
هەزاران کۆچبەری نایاسایی کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە بێلاڕووسەوە هەوڵی چوونە ناو خاکی پۆڵەندا دەدەن و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی پۆڵەنداش رێگرییان لێ دەکەن.
بێلاڕووس کە هاوپەیمانی رووسیایە، کێشەی پەنابەران وەک چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکار دەهێنێت کە پۆڵەندا ئەندامە لەو یەکێتییە.