ژمارەی کوژراوانی ئاگرکەوتنەوەکەی بەنگلادیش گەیشتە ٤٩ کەس
پەیامی کورد... ژمارەی کوژراوانی ئاگرکەوتنەوەکەی بەنگلادیش گەیشتە ٤٩ کەس
پاش تەقینەوەکەی کۆگای چیتاگۆمی لە پارێزگای سیتاکوندای بەنگلادیش، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەی بەنگلادیشەوە بۆ ٤٩ کەس بەرز بووەوە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتە نزیکەی ٣٣٠ کەس.
درەنگانێکی ڕۆژی شەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئاگرێک لە کۆگای چیتاگۆمی پارێزگای سیتاکوندای باشووری ڕۆژهەڵاتی بەنگلادیش کەوتەوە و تاوەکوو ئێستا بەو هۆیەوە ٤٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٣٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
لەو بارەیەوە، محەممەد عەلائەدین، بەرپرسی پۆلیسی شاری سیتاکواندا بە میدیا جیهانییەکانی ڕاگەیاند، "ژمارەی مردووان و برینداربوون بەهۆی ئاگرەکەوە بۆ ٣٧٨ کەس بەرز بووەتەوە. "
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی BBC، سەرەتا ئاگرەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش گەیشتوونەتە شوێنەکە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی، بەڵام لەو کاتەدا بەشێکی کۆنتەینەرەکان کە ماددەی کیمیاییان تێدا بووە تەقیونەتەوە و بە هۆییەوە ڕووداوەکە ئەو ژمارە زۆرە لە زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.
هەروەها، بەندەرەکە نزیکەی چوار هەزار کۆنتەینەری تێدایە و لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا ژمارەیەکی زۆریان جلوبەرگیان تێدا بووە و ئامادە کرابوون بۆ ئەوەی بنێررێنە دەرەوەی ئەو وڵاتە.
هاوکات بەشی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە ئاماژە بەوەدەکات، "بە هۆی هەبوونی بڕێکی زۆر ماددەی کیمیاییەوە تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت."