ئەمڕۆ ئەردۆغان بۆ خولی سێیەمی سەرۆک کۆماری سوێندی یاسایی دەخوات
پەیامی کورد... ئەمڕۆ ئەردۆغان بۆ خولی سێیەمی سەرۆک کۆماری سوێندی یاسایی دەخوات
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات.
فەهرەتین ئاڵتون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی تورکیا رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات و لە درەنگانی شەویشدا کابینەی نوێی حکومەتەکەی رادەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک کۆمار میوانداری ئێوارە خوانێکیش دەکات بۆ سەرۆکەکانی وڵاتان کە بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن 84.15% بووە.
لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بووە و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێناوە. بە فەرمیش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەنجامی کۆتایی پەسەندکرد و رەوانەی رۆژنامەی فەرمی دەوڵەتی کردووە بۆ بڵاوکردنەوە و چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، کە خۆی لە سوێندنخواردنی سەرۆک کۆمار و راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەبینێتەوە لەلایەن سەرۆک کۆماری هەڵبژێدراوەوە، کەوا بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو رێورەسمی بۆ رێکبخرێت.