TR KU SO
FB X
Cîhan

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

سارا
Yazar
📅 20 Mart 2020 19:48

پەیامی کورد     ...    بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی، پیرۆزبایی گەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھاونیشتیمانیانی خۆشەویستی کوردستان، تایبەت لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین و هیوادارین وەک ھەمیشە، جەژنی نەورۆز ببێ بە ھەوێنی نوێبوونەوە و ژیاندۆستی و قووڵکردنەوەی پتری گیانی پێکەوەژیان و، بە ئومێدەوە ھەموومان، بە گیانی یەکڕیزیی و تەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و، دەرککردن بە قورسی قۆناغەکە، پێ بنێینە نێو ساڵێکی نوێ، ساڵێكی پڕ هات و خێر و خۆشی بۆ کوردستان.

جەژنی نەورۆز، وەک چۆن لە مێژوودا سەرچاوەی ھێز و شیان و  مانەوە و خۆراگری بووە، ئومێدەوارین ئەمساڵیش، کە گەلەکەمان، لەگەڵ ھەموو گەلانی دونیا ڕووبەڕووی ڤیرووسی کۆڕۆنا (COVID - 19) بۆتەوە و نموونەیەکی باشیشی لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا پیشکەش کردووە، بتوانێت بە ھەمان ھێز و شیان و گیانی خۆڕاگرییەوە ئەم قۆناغەیش تێپەڕێنێت و ڕووە وەدیھێنانی مافە ڕەواکان و دەستکەوتی پتر لە بواری خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان ھەنگاو بنێت.

ھەر لێرەدا و لەم جەژنە پیرۆزەدا، سوپاسی پشوودرێژیی و پابەندیی و دڵسۆزیی جەماوەری گەلەکەمان دەکەینەوە، کە بە گیانی بەرزیی خۆپارێزییەوە ھاوکاربوون لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەوپەریی پەرۆشییەوە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی و ڕێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەکەن و دڵنیاین، بەم گیانی پەرۆشییەوە، ھەمدیس بەم ھەماھەنگییە بەرزەی، کە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھاوڵاتییاندا ھەیە دەتوانین زاڵ بین بەسەر ئەم پەتا جیھانییە و وەک چۆن لە ڕابردوودا ھەرێمی کوردستان بەرگەی سەختییەکانی گرتووە، ھەر بە ھەمان شێوە لەم قۆناغەیشدا نموونەیەکی سەرکەوتوو پێشکەش بکات و ھەر لێرەوە بەپێویستی دەزانین، وێڕای سوپاس، پشتگیریی لە ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ بخوازین.

ھەر لەگەڵ گڕ و کڵپەی کوردانەی جەژنی نەورۆزدا، یادی تاجی سەرکەوتنەکانی ڕاپەڕینی بەھاری (1991) ی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە بریتیە لە ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان و وێڕای ڕەوشی ناھەمواری ئەم شارە کوردستانییە خۆشەویستە، ھیوای چارەسەریی گرفتە کەڵەکەبووەکانی دەخوازین و سڵاو و پیزانینیشمان بۆ دانیشتوانی ئازیز و خۆڕاگری کەرکووک، کە ھەمیشە بە نزیکترینەکانی خۆمانیان دەزانین.

لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، جەخت لەسەر پەیامی ئاشتییانەی ڕێبازی بارزانی دەکەینەوە و بە گیانی دیموکراسییەوە سوورین لەسەر خەبات پێخەمەت وەدیھێنانی مافە ڕەواکانمان و  بە گیانی بەیەکەوەییش ھاریکار دەبین بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی ڕەوشی نالەباری سیاسیی عێراق و وەک ھەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی دەبین و لەو پێناوەیشدا بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانماندا.

لە دوماھیدا، جارێكیتر جەژنی نەتەوەییمان، جەژنی مێژوویی و مانادارمان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی (2720) ی کوردی لە هاونیشتیمانیانی ئازیز، كوردستانیانی خۆشەویست، کوردانی تاراوگە و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆز و خۆڕاگری پارتیمان پیرۆز دەکەین و خوازیارین دوور بن لە ھەموو دەرد و ناخۆشییەک.

ووڵاتمان ئارام و ئاوەدان و بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.

 

مەكتەبی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

1ی خاكەلێوەی2720ی كوردی

21ی ئاداری 2020ی زایینی

Paylas: