ژنێک لەبەر گرانیی کەلوپەلی قوتابخانەی منداڵەکانی خۆی سووتاند
پەیامی کورد … ژنێک لەبەر گرانیی کەلوپەلی قوتابخانەی منداڵەکانی خۆی سووتاند
لە شاری دێهدەشت-ی سەر بە پارێزگای کهگیلوویە بوویر ئەحمەد لە ئێران، ژنێک لەبەر هەژاری و بێتوانایی لە کڕینی کەلوپەلی قوتابخانەی منداڵەکانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەر داوە و گیانی لەدەست داوە.
هاوسەری ئەو ژنەی کە لەبەر هەژاری و دەستەنگی خۆی سووتاندووە لەبارەی رووداوەکەوە بە ماڵپەڕی (ئیسنا)ی ئێرانی ڕاگەیاندووە: "من توانای کڕین و دابینکردنی کەلوپەلی قوتابخانەی منداڵەکانم نەبووم و ئەمەش بووەتە هۆی شەڕ و دەمەقاڵەی نێوانمان، بۆیە نەوتی بەخۆیدا کردووە و گیانی لەدەست داوە".
ئەو پیاوە کە پیشەی کرێکاری شارەوانییە و تەمەنی 39 ساڵە، ئاماژەی بەوەش داوە ماوەی پێنج ماوە مووچەیان پێمان نەداوە و ئەگەریش ڕۆژێک بێت و درەنگ بچینە سەر کار، لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەکەن و نەبوونی مووچە و هەژاریش هۆکاری شەڕ و دەمەقاڵەی بنەماڵەمان بووە.
ئەو کرێکارە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژراندنەوەی جەستەی هاوسەرەکەی کە نەوتی بە خۆیدا کردووە، بۆ خۆشی بە ڕێژەی 39٪ جەستەی سووتاوە.
ئەو کرێکارە ڕاشی گەیاندووە بێ ماڵە و کرێچییە و ئێستاش ژنەکەی بەهۆی هەژارییەوە گیانی لەدەست داوە و بۆ خۆشم سووتاوم و سێ منداڵی بێسەرپەرست و بێ لانە وەیلان بوون.
قەیرانی بێکاری، هەژاری و لە هەمووی خراپتر گرانی لە ئێران سەرچاوەی زۆر دیاردەی و خەساری کۆمەڵایەتیی وەک دزی، مادە هۆشبەرەکان، خۆکوشتن و خۆسووتاندنەوە و ساڵانە بە سەدان کەس لە ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن.