ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەمریکی: عێراق دابەش دەبێت
پەیامی کورد... ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەمریکی: عێراق دابەش دەبێت
لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، پەردەی لەسەر ڕاستی و مەترسییەکانی بارودۆخی ئێستای عێراق هەڵماڵیوە و ڕایگەیاندووە، "عێراق بەرەو دابەشبوون دەڕوات و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیش ئیفلیج بووە".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "سیستەمی سیاسی لە عێراق کۆتایی هاتووە و ئەو وڵاتە تووشی ئیفلیجی سیاسی و ئەمنی بووە، ئاشکراشی کردووە، دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان لە عێراق سەربەخۆ نین و کۆنترۆڵ کراون"
هاوکات باسی لەوەش کردووە، " ئێستا عێراق بووەتە دوو بەرەی سەرەکی، یەکێکیان لەگەڵ بە ئێران کردنی عێراقە و ئەوی دیکەیان دژیەتی، ئەمەش مەترسیدارە و عێراق بەرەو کاولکاری زیاتر و شەڕی ناوخۆیی دەبات".
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە بە لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی ڕای شاراەزایان و بەرپرسان ئاشکراشی کردووە، کە "دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی دەستوور و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان، چارەسەر نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەو کات هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی دەبێت بە ئەمری واقیع".
ڕایشی گەیاندووە، "کوردەکان لە هەرێمی کوردستان و عەرەبی سوننە، ترسی زۆریان لە دۆخەکە هەیە و زۆرینەیان لەگەڵ دابەشکردنی عێراقن بەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکی (کورد و شیعە و سوننە) دا، کە لە ڕاستیدا تاکە چارەسەرە، چونکە سیاسەتی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ، شکستی هێناوە لە دروستکردنی عێراقێکی یەکگرتووی دیموکراسی و گەشەسەندوو، بۆیە ئێستا تاکە چارەسەر دابەشبوونی عێراقە.