ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێران ڕێككەوتن
پەیامی کورد... ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێران ڕێككەوتن
سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایدەگەیەنێت: ئێستا لە ئێران بەرهەمهێنان یان یەدەگێك نابیندرێت كە بە رێژەی لەسەدا ٨٣،٧ یۆرانیۆمی پیتاندبێت و ئەمەیش زۆر گرنگە و پێویستە خەڵك بە هەڵەدا نەبردرێت.
رافایێل ماریانۆ گرۆسسی سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە ئاماژەدان بەوەی كە ئێستا كامێرا، سیستەمی پێوانەیی ئۆنلاین و ئامرازەكانی چاودێریی كە بۆ چاودێرییكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران بەكار دەهێندرێن، كار ناكەن رایگەیاند: "گەیشتووینەتە رێككەوتن بۆ وەگەڕخستنەوەی ئەم سیستەمانە".
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راگەیەندراوێكدا تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە رافایێل ماریانۆ گرۆسسی لە سەردانەكەیدا بۆ تاران لەگەڵ سەركۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی؛ وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و سەرۆكی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، موحەمەد ئیسلامی كۆبووەتەوە.
رافایێل ماریانۆ گرۆسسی لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا گەیشتووەتە رێككەوتن لەبارەی سێ خاڵ كە ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە؛ هەماهەنگیی نزیك لەنێوان ئاژانسەكە و ئێران لەبارەی چالاكییە ئەتۆمییەكان، چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم چاودێرییكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكان و وەگەڕخستنەوەی سیستەمەكانی چاودێریی چالاكییە ئەتۆمییەكان.
رافایێل ماریانۆ گرۆسسی دوای ئەنجامدانی سەردانەكەی بۆ ئێران و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە فڕۆكەخانەی ڤیەننا شیوخات بە میدیاكارانی راگەیاند: "ئێستا كامێرا، سیستەمی پێوانەیی ئۆنلاین و ئامرازەكانی چاودێریی كە بۆ چاودێرییكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران بەكار دەهێندرێن، كار ناكەن. گەیشتووینەتە رێككەوتن بۆ وەگەڕخستنەوەی ئەم سیستەمانە".
سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، رافایێل ماریانۆ گرۆسسی لەبارەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانیشەوە وتی: "ئێستا لە ئێران بەرهەمهێنان یان یەدەگێك نابیندرێت كە بە رێژەی لە سەدا ٨٣،٧ یۆرانیۆمی پیتاندبێت. ئەمەیش زۆر گرنگە و پێویستە خەڵك بە هەڵەدا نەبردرێت".