وەزیری نوێی بەرگری ئەمریكا سوێندی یاسایی خوارد
پەیامی کورد ... پاش پەسەندكردنی لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە، مارك ئێسپەر وەك وەزیری نوێی ئەو ووڵاتە سوێندی یاسایی خوارد.
دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر دەستلەكاركێشانەوەی جەیمس ماتیس، وەزیری پێشوی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە، مارك ئێسپەر، وەزیری نوێی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی فەرمی سوێندی یاسایی خوارد.
ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە 90 دەنگ بەرامبەر هەشت دەنگ رێككەوتن لەسەر دەستبەكاربوونی مارك ئێسپەر، وەك وەزیری نوێی ئەو ووڵاتە كە لە هەمانكاتدا لە لایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە بەربژێركرابوو بۆ ئەو پۆستە.
مارك ئێسپەر، لە ئێستادا تەمەنی 55 ساڵە و پێشتر لە جەنگی كەنداوی ساڵی 1991 وەك فەرماندەیەكی هێزە سەربازیەكانی ئەمریكا نێردراوەتە عێراق و لە تیمی 101ی ئەو هێزەدا بوە، پاشان گوازراوەتەوە بۆ بەشی پیشەسازی لە وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان و ساڵی 2017 ش بوەتە وەزیری چەكە زەمینیەكان.