وەزیرەکەی سەدر هێرشی توند دەکاتە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی
پەیامی کورد... وەزیرەکەی سەدر هێرشی توند دەکاتە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی
وەزیرەکەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر هێرشێکی توند دەکاتە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی و بە (بێئابڕوو) ناوی دەبات.
ساڵح محەممەد عێراقی، کە بە وەزیری ڕێبەری ڕەوتی سەدر ناسراوە ڕایگەیاند، هەڵوێستەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی "بێئابڕوو" و هەڵوێستەکانی گرووپە چەکدارە "بێئابڕووەکانم" بەلاوە سەیر نییە "کە دەڵێن پەرلەمان کۆدەبێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێئابڕوو."
ئاماژەی بەوەشداوە، "چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی بێڕەوشتن و ئایینیان نییە، چونکە ئەوان سێکوچکەیەکی بێئابڕوون و نازانن چاکسازی و شۆڕش و ئاشتیخوازی و نەهامەتی خەڵکی چین".
ڕاشیگەیاندووە، "تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە یەک فایلی گەندەڵی ئاشکرا بکات، ئەوان نەک تەنیا ئاشقی گەندەڵین و گەندەڵی دەکەن، بەڵکوو ڕقیان لەوانەشە کە هەوڵدەدەن چاکسازی ئەنجامبدەن و گەندەڵی نەهێڵن".
وەزیرەکەی سەدر لە پەیامەکەیدا هۆشداری دەداتە ئێران و داوایان لێ دەکات کە "حوشترەکەیان لە ئێران ڕەشمە بکەن" و دەڵێت، "ئەگەر نا پەشیمانی سوودی نابێت."