سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای سەپاندنی قورسترین سزا بۆ سەر تورکیا دەکات
پەیامی کورد ... سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای سەپاندنی قورسترین سزا بۆ سەر تورکیا دەکات .
نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی کریس ڤان هۆڵن و لیندسی گراهامی سیناتۆری کۆمارییەکان دەربڕی کەهەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی لایەنەکانی دیکەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران دەدەن بۆ سەپاندنی سزای تووند بەسەر تورکیادا.
لەوبارەیەوە گراهام لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتویتەر رایگەیاند، قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کردوە و دڵنیایکردونەتەوە پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانیان دەربڕیوە.
گراهام راشیگەیاندوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پشتیوانی هاوپەیمانە کوردەکان دەکات و ڕایگەیاندووە ترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی هەیە.
لیندسی گراهام ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکایە لەسەر لیستی کۆمارییەکان و بەردەوام پشتیوانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات، بەڵام لەپرسی لەشکرکێشی تورکیادا دژایەتی بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسووریا و لەئێستادا پرۆژەیەکی پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران کردوە بۆ سەپاندنی سزای تووند بەسەر تورکیادا.