سیستمی بەرگری پاتریۆت گەیشتە ئۆکراینا
پەیامی کورد... سیستمی بەرگری پاتریۆت گەیشتە ئۆکراینا
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، سیستمی بەرگری پاتریۆتی دژەموشەک گەیشتووەتە وڵاتەکەی. دەشڵێت، لە ئێستادا ئاسمانی وڵاتەکەی لە هەموو کاتێک ئارامترە.
ئۆلیکسی ریزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، وڵاتەکەی سیستمی دژەموشەکی پاتریۆتی دروستکراوی ئەمریکای بەدەست گەیشتووە کە ماوەیەکی زۆرە کیێڤ چاوەڕوانی بەدەست گەیشتنییەتی بۆئەوەی دژی هێرشەکانی روسیا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ئاسمانی ئۆکرانیا لە هەموو کاتێک ئارامترە، چونکە سیستمی پاتریۆتی دژەموشەکی ئەمریکا گەیشتووەتە کیێڤ.
لێهاتوویی ئەم سیستمە لەوەدایە دەتوانێت فڕۆکە و موشەکی زیرەک و موشەکی بالیستی کورت مەودا بکاتە ئامانج.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئۆکرانیا لەماوەی رابردوودا رایانگەیاند، ئەمریکا لەمانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رەزامەندی لەسەر ناردنی سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا دەربڕیوە کە دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە و خاڵی وەرچەرخان لە جەنگی دژی لەشکرکێشییەکانی روسیادا بۆسەر خاکی ئۆکرانیا.