ئیتالیا ۱۰۰ هەزار ڤاكسین پێشكەش بە عێراق دەكات
پەیامی کورد … ئیتالیا ۱۰۰ هەزار ڤاكسین پێشكەش بە عێراق دەكات
حكوومەتی ئیتالیا لە چوارچێوەی كۆڤاكس 100 هەزار ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنای پێشكەش بە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق كرد.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، كاروانێكی ڤاكسینی كۆرۆنا كە 100 هەزار ژەمە، لەلایەن حكوومەتی ئیتالیاوه بە هامەهەنگیی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی لە چوارچێوەی كۆڤاكس بە ئامانجی پاڵپشتیی كردن لە هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێشكەش بە حكوومەتی عێراق كراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئەو 100 هەزار ژەمە ڤاكسینە، لە رێورسمێكدا بە ئامادەبوونی برونۆ ئەنتۆنیۆ باسكۆینۆ باڵیۆزی ئیتالیا لە بەغدا، رادەستی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق كراوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە تا ئێستا، چوار ملیۆن و 64 هەزار و 600 كەس لە عێراق، ژەمی یەكەم و دووەمی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.