زێلێنسکی دەستگیرکردنی کەسێکی نزیکی ڤلادیمیر پووتینیی ڕاگەیاند
پەیامی کورد... زێلێنسکی دەستگیرکردنی کەسێکی نزیکی ڤلادیمیر پووتینیی ڕاگەیاند
سەرۆکی ئۆکراینا، ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا ئۆلیگاری ئۆکراینی "ڤیکتۆر مێدڤێدچوک"یان دەستگیر کردووە، کە هاوڕێیەکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتینە.
ڤلادیمیر زێلێنسکی وێنەی "ڤیکتۆر مێدڤێدچوک"ی بە کەلەپچە کراوی لە هەژماری تێلێگرامی خۆی بڵاو کردەوە و وتی: "ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن دامەزراوەی ئاسایشی ئۆکراینییەوە ئەنجامدراوە، بژین."
ساڵی ڕابردوو پووتین هەڕەشەی لە ئۆکراینا کرد بەهۆی ئەوەی حکومەتی کیێڤ فەرمانی دەستبەسەرکردنی هاوڕێکەی دەرکردبوو، کە بەپێی فەرمانەکە دەبوو لە ماڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە و لەژێر چاودێریدا بێت.
مێدڤێدچوک کە میدیا ئەمریکییەکان لە ماوەی ڕابردوودا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە ئۆکراینا، لە بەندکردنی ماڵەوە هەڵاتووە، هاوکات بە باوکی ڕۆحی کچەکەی پووتین کە ڕێوڕەسمی بە کریستیان کردنی بۆ ئەنجام داوە، دادەنرێت.
ڤیکتۆر مێدڤێدچوک کە بە سەرکردەی سەکۆی ئۆپۆزیسیۆن لەپێناو ژیاندا کە دووەم گەورەترین پارتی ئۆکراینایە، دەناسرێت، لە مانگی ئایاری ٢٠٢١دا بە گومانی ناپاکی لە وڵات، سزای بەندکردنی لە ماڵەوە بەسەردا سەپێنرابوو.
زێلێنسکی وتیشی: "پێشنیازی ئەوە بۆ ڕووسیا دەکەم، لە بەرامبەر ئازادکردنی مێدڤێدچوک چەند دیلێکی ئۆکراینیمان بۆ بگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی وێبسایتی "فۆربێس"، مێدڤێدچوک لە ڕیزبەندی دەوڵەمەندترین سەرمایەدارەکانی ئۆکراینادا لە پلەی ١٢یەمدایە و سامانەکەی دەگاتە نزیکەی ٦٢٠ ملیۆن دۆلار، هەروەها تاوانبارە بە ئەنجامدانی خیانەتی گەورە و هەوڵدان بۆ تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان لە دوورگەی قرم کە ڕووسیا ساڵی ٢٠١٤ داگیری کرد.