Kurdistan
بەفر ڕێگەی سەدان گوندی باکووری کوردستانی داخستووە
پەیامی کورد... بەفر ڕێگەی سەدان گوندی باکووری کوردستانی داخستووە
بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە ڕێگەی 871 گوند لە وان، جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیسی باکووری کوردستان داخراون.
شارەوانیی وان ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بەفربارینە پچڕپچڕەی لە دوێنێ هەینییەوە ئەو پارێزگایەی گرتووەتەوە، ڕێگەی 308 گوند داخراون.
هەروەها بە هۆی مەترسیی هەرەسهێنانی بەفر ڕێگەی وان و باخچەسارای داخراوە.
بەهۆی بەفربارین و کڕێوەوە ڕێگەی 229 گوند لە پارێزگای جۆلەمێرگ، 84 گوند لە پارێزگای مووش و 250 گوندیش لە پارێزگای بەدلیس باکووری کوردستان داخراون. بەفر شوێنەوارە مێژووییەکانی بەدلیسی سپی پۆش کردووە کە ئەمە وای کردووە گەشتیارانی زستانە ڕوو لەو ناوچەیە بکەن.
تیمە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕاماڵینی بەفری کەڵەکەبووی شەقامەکان و کردنەوەی ڕێگەکان بەڕووی هاتووچۆدا.