TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەندکراوێکی سیاسیی کورد مەترسیی سێدارەی لەسەرە

Rozan Ateş
Yazar
📅 25 Aralık 2023 21:44

پەیامی کورد... بەندکراوێکی سیاسیی کورد مەترسیی سێدارەی لەسەرە


سزای لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، ئەم هاوڵاتیی کورد و پەیڕەوی ئایینی یارسانە لەلایەن دیوانی باڵاوە پشتڕاست کرا. ئەم لاوە یەک ساڵ و مانگێکی لە بەندیخانە بەسەربردووە، پێشتریش لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە هێزە حکومەتییەکان سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، خۆپیشاندەری تەمەن ٣٤ ساڵە و خەڵکی شاری کرماشان، لەلایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە.

ڕەزا ڕەسایی، پێشتریش لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای شاری کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای لە سێدارە دانی بەسەردا سەپێنرابوو. نادر بەیرامی، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری سەحنە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانیسەید خەلیل عالی نژاد کوژرابوو.

ئەم سزایە بە دانپێدانانی زۆرە ملێی ڕەزا ڕەسایی و چەند کەسیتر کە لەگەڵی دەستبەسرکراون دوای چەند مانگ ئەشکەنجە و دۆسیە دروست کردن بەسەریدا سەپێنراوە، و هیچ بەڵگەیەک لە ڕووی یاساییەوە لەم بارەیەوە تا ئێستا نەخراوەتە ڕوو.

هەنگاو پێشتریش لە ڕاپۆرتێکدا، سەڕەرای ئاماژە کردن بەوەیکە بنەماڵە و نزیکانی ڕەزا ڕەسایی، نامە و تەلەفۆنی هەڕەشە لێکردنیان لە ژمارەی نەناسراوەوە پێگەیشتووە، لە بارەی نیگەرانی ئەم بنەماڵەیەوە بەتایبەت لەسەر چارەنووسی ڕەزا ڕەسایی بڵاو کردبووەوە.

شایەنی باسە کە، ڕەزا ڕەسایی لە چوار مانگی سەرەتای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە هەبوونی مافە سەرەتاییەکانی تۆمەتبارێک، وەکوو پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش بووە.

ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان گواسترایەوە.

Paylas: