بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کوژرا
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤-٤-٢٠١٨، لە بەردەم فامیلی مۆڵی هەولێر لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا، تەقە لە فارس محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کرا و کوژرا.
لە لێدوانێکی تایبەت ، بەرپرسێک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە سەبارەت بە کوژرانی فارس محەمەد ڕایگەیاند “لەسەر شەقامی سەدمەتری هەولێر، فارس محەمەد، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژراوە، بەڵام هێشتا وردەکاری زیاتر نازانین.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتیشی، ڕووداوەکە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆی ڕوویداوە و لە ئۆتۆمبێلێکەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکردووە و کوشتوویانە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕووداوەکە پەیوەندی بە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و پێشتر خەڵکی دیکەش کوژراون.
تاریق نوری، بەڕێوبەری ئاسایشی هەولێر، سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە ڕایگەیاند “لە بەدوادا چوونە سەرەتاییەکاندا ئەوەی بۆمان ئاشکرابووە، کە ڕووداوی کوشتنەکە پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتی و خوێندارییەوە هەبووە و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەسیاسەت و بەبانگەشەی هەڵبژاردن و بابەتی تیرۆرکردنەوە نییە”.
بەڕێوبەری ئاسایشی هەولێر دەڵێت “لە بەدواداچوون بەردەوام دەبین، تاکو ناسنامەی بکوژەکە دیاری بکەین، بەهەر بیانویەک بێت، ئەوە مانای نییە کێشەی خوێنداری لەسەر شەقام یەکلایی بکرێتەوە، پێویستە ئەو کێشانە لە دادگا یەکلابکرێنەوە، نەک بەم شێوەیە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و هەرکاتێکیش بکوژەکە دەستگیرکرا، دەدرێتە دادگا و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.