TR KU SO
FB X
Kurdistan

بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی تاران ڕێگرییان لێ كرا

Rozan Ateş
Yazar
📅 09 Aralık 2023 17:34

پەیامی کورد... بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی تاران ڕێگرییان لێ كرا

بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بڕیار بوو بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف لە په‌رلەمانی ئەورووپا، بچنە فەره‌نسا، به‌ڵام هێزە ئەمنییەکان لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاراندا، ڕێگرییان لێ كردن و نه‌یانهێشت گه‌شته‌كه‌یان بكه‌ن.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 9/10/2023، هێزە ئەمنییەییەکان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی خومه‌ینی، ڕێیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی ژینا ئه‌مینی (موژگان ئێفتخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشکان ئەمینی) گرتووه‌ پێیان ڕاگەیاندوون کە چوونەدەرەوەیان قەدەغە کراوە و پاسپۆرتەکانیشیان لە فڕۆکەخانە دەستی بەسەردا گیراوە.

میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاندووە، بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی په‌رلەمانی ئەورووپا، ده‌یانویست بچنه‌ فه‌ره‌نسا. به‌ڵام هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە یەک کاتژمێر، لە فڕۆکەخانەدا، لێپرسینەوەیان له‌گه‌ڵدا كرن، دواجار پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە مۆڵه‌تی گه‌شته‌كه‌ی پێ درا و بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ژینا بەشداری لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆفدا دەکات.

په‌رلەمانی ئەورووپا، خەڵاتی ساڵی 2023 بۆ ئازادیی ئەندێشە (ساخارۆف)ی پێشکەش بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد و رێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکەش هەفتەی داهاتوو لە شاری ستراسبۆرگی فه‌ره‌نسا بەڕێوە دەچێت.

ساڵی ڕابردوو ژینا ئەمینی، تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، لە ئاکامی لێدانی هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێراندا چووبووە کۆماوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.

Paylas: