TR KU SO
FB X
Kurdistan

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی

سارا
Yazar
📅 25 Nisan 2018 01:32

شاندێکی ئەمریکا لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ مەسروور بارزانی، پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دووپاتکردەوە. لەپێناو سەرهەڵنەدانەوەی مەترسی و تووندوتیژییەکانیش، جەختیان لە هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان کردەوە. 

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی نووسینگەی مەسروور بارزانی، رۆژی سێشەممە ٢٤-٤-٢٠١٨ لە هەولێر، مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژەنراڵ پاول فانک و شاندێکی یاوەری، کە پێکهاتەیەکی دیپلۆماسی و سەربازی بوو، کۆبووەوە.

بەپێی ئەم ڕاگەیێندراوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین ڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێکراون.

شاندی ئەمریکا دووپاتیانکردووەتەوە کە وەکو کیانێکی دەستووری پشتگیری لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکەن، خوازیاریشن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر و بەهێزتر بکەن.

لەبارەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و کردەوە تووندئاژۆکانیش، شاندی ئەمریکا پشتگیریی ووڵاتەکەیان بۆ هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان دووبارەکردووەتەوە، جەختیشیان کردووەتەوە کە خوازیارن ئەو هاوئاهەنگییانە لە گشت ناوچەکان پەرەیان پێبدرێت.

لەبەرامبەردا مەسروور بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی هاوکاریی هەمەلایەنە کردووەتەوە، تاوەکو هەرچی زووترە زەمینەی لەبار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بڕەخسێت، بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئیداری و دەستوورییەکانیش، هۆکارەکانی سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی بنبڕبکرێن.

Paylas: