دابەشكردنی زەوی كشتوكاڵی دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی كشتوكاڵ پڕۆژەی پێدانی زەوی بە دەرچووانی كشتوكاڵ دەخاتە واری جێبەجێكردنەوە و ووتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێ، لیژنەیەك سەرقاڵی ئامادەكاری و دەركردنی رێنماییە.
حسێن حەمە كەریم، ووتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، رایگەیاند: "پڕۆژەی دابەشكردنی زەوی بەسەر دەرچووانی كشتوكاڵدا دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە و لە ئێستادا لیژنەیەكی باڵا لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە پێك ھاتووە بە مەبەستی دانانی ئالیەتی دابەشكردنی زەویی چاندن بەسەر ئەو دەرچووانەدا و دوای دەركردنی رێنمایی و بڵاوكردنەوەی مەرجەكان، دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت".
ووتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت: "بڕیارەكه ھەموو دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگە كشتوكاڵییەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و دەرفەتێكە بۆ ئەوەی دەرچووانی بەشی كشتوكاڵ دەست بە كار بكەن و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان ھەبێت لە پسپۆڕی خۆیاندا".
حسێن حەمە كەریم ڕوونیشی كردەوە: "بەپێی پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ، جگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار و پێدانی زەوی بە دەرچووانی كشتوكاڵ، ھاوكات كەرتی كشتوكاڵ بەرەو زانستی بوون دەچێت، چوونكە ئەو دەرچووانە بە شێوەی زانستی كار لە پڕۆژەكانیاندا دەكەن".