دیندار زێباری : كوردستان نوێنەری لە لیژنەی نیشتیمانی نووسینەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا دەبێت
پەیامی کورد ... رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم نوێنەری خۆی لە لیژنەی نیشتیمانیی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا دەبێت، كە تایبەتە بەو رێككەوتننامانەی عێراق تێیاندا ئەندامە.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم و نوێنەری هەرێمی كوردستان لە لیژنەی ناوبراو دەڵێ، لیژنەی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە نوێنەری گشت وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەتی فیدراڵ و نوێنەری هەرێمی كوردستان پێكهاتووە، ئەركی لیژنەكە بریتییە لە نووسینەوەی راپۆرتی كۆماری عێراق، تایبەت بە گشت ئەو رێككەوتننامە نێودەوڵەتییانەی، كە عێراق ئەندامە تێیاندا، هاوكات وەڵامدانەوەی گشت ئەو رێنمایی و پرسیارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف ئاڕاستەی كۆماری عێراقی دەكات.
زێباری ئەوەیشی گوتووە، كە ئەوان وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، راپۆرتی هەرێمییان پێشكەش كردووە، بۆ ئەوەی بخرێتە چوارچێوەی راپۆرتی گشتی عێراقەوە، هاوكات لە میانەی گفتوگۆكانی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ لە پاڵ نوێنەری حكوومەتی فیدراڵی، وتار و راپۆرتی هەرێم پێشكەش بە لیژنەی ناوبراو دەكەن.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە گرینگی بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لەو لیژنەیەدا گوتی: "لە میانەی گفتوگۆكانی هەردوو راپۆرتی بەڵگەنامەی بنەڕەتیی یەكگرتووی كۆماری عێراق و، راپۆرتی (پانۆرامای خولی گشتگیر UPR)، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان، تێبینی و سەرنجەكانی خۆمان خستە روو، لە هەمان كاتدا ئەو یاسا و رێنماییانەی، كە لە هەرێمی كوردستان كاریان پێدەكرێت، لە بارەی پاراستنی مافی مرۆڤەوە بە گشتی پێشكەشمان كرد، وەك مافی منداڵان، ئافرەتان، كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیی تایبەت و پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران، پێكهاتە ئایینی ونەتەوەییەكان، رەوشی گرتووخانەكان، ئازادیی رۆژنامەوانی و رادەربڕین، نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و چەندین بواری دیكە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لە هەمان كاتدا جددییەتی حكوومەتی هەرێمیان خستووەتە ڕوو، لە چارەكردنی هەر گرفتێك، كە لەو بوارەدا هەبێت، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموارە داراییەی، كە رووبەڕووی هەرێم ببووەوە، ئەویش لە ئەنجامی بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم و هێرشی داعش بۆ سەر هەرێم، هاوكات پێشوازیكردن لە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر.