TR KU SO
FB X
Kurdistan

جەعفەر شێخ مستەفا : "بۆ لێدانی پێشمەرگە ئەمریکا گلۆپی سەوزی پێکرد"

سارا
Yazar
📅 31 Mart 2018 01:27

  جەعفەر شێخ مستەفا " فەرماندەی هێزەكانی 70 ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان: - "پێكهاتەكانی شاری كەركووك جگە لە شیعەكان لە دۆخێكی خراپدا ژیان دەكەن، هەروەها دەڵێت، كورد لەوەتەی هەیە هێندەی ئێستا دۆخی لەو ناوچانەدا خراپ نەبووە".

فەرماندەی هێزەكانی 70 ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی پێشمەرگە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی هەرێم، دۆخی ئێستای كەركووك و دانیشتووانی كوردی ئەو شارە لە دوای كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە، هەروەها كاریگەری قەیرانی دارایی و مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات. 

جەعفەر شێخ مستەفا سەرەتا و سەبارەت بە كاریگەری ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەسەر یەكڕیزی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە هەردوو لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان گوتی: "هێزی پێشمەرگە یەك هێز بووە، ڕاستە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەی لە 16ی ئۆكتۆبەر و دواتر روویدا هەندێك لە لیواكان بە حوكمی جەبهە و سەنگەرەكان و پێداویستییەكانیان، ئەو لیوایانەی وەزارەتی پێشمەرگە لە چەند لیوایەكیان لێكترازانێك بوو، بەڵام ئەوە نەبوو بەهۆی ئەوەی كەلێنێك بكەوێتە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەوە، هەر لەسەرەتای شەڕەكانی داعشەوە تا ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەكان پێكەوە بوون و بەهیچ شێوەیەك بیر لەوە نەكراوەتەوە ئەم پێشمەرگانە هی چ حزبێكن و نەچوونەتە ناو ئەو ململانێیانەی كە لە گۆڕەپانەكەدا هەبووە". 

ئەو گوتی: "لەم كاتەدا هێزی پێشمەرگە لە هەموو كاتێك یەكگرتووترە، ئەو لێكترازانانەشی لە لیواكاندا هەبوون، مەگەر فەوجێك یان شتێكی وا مابێت، هەموو لیواكانی تر وەك جاران یەكیان گرتووەتەوە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، هیواش دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا هەموو هێزەكانی پێشمەرگە یەكبگرنەوە و بچنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، وەك چۆن ئێستا یەكەكانی 70 و 80 هەموو شتێكیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیە". 

جەعفەر شێخ مستەفا كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، سەبارەت بە دۆخی دانیشتووانی كورد لە شاری كەركووك و ناوچەكانی تر كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا و دوای كشانەوەی پێشمەرگە، ئەو ناوچانە كەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی عێراقەوە دواو گوتی: "دۆخی ئەوان دۆخێكی زۆر خراپە لە هەموو ڕوویەكەوە، سەرەتا هێزە عێراقییەكان بەهیچ شێوەیەك نەیانتوانیوە ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ناوچانە دابین بكەن و بوون بەهەڕەشەیەكی گەورە لەسەریان بە سوننە و كورد و مەسیحی یەوە".

ئەو باسی لەوەش كرد، خەڵكی ناوچەكە داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكەن بۆ ناوچەكە، بەڵام ئەوەش ئاستەنگ و كێشەی خۆی هەیە. 

هەر لەو بارەیەوە گوتی: "گەڕانەوەی پێشمەرگە بەشەڕ بۆ ئەو ناوچانە ماڵوێرانی تووشی دانیشتووانەكەی دەكات، بۆیە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانیشتنەوە لەگەڵ عێراقییەكان بە ئامادەبوونی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان ڕێگایەك بدۆزینەوە، چونكە عێراق بەدڵنیاییەوە ناتوانێت ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بكات و ڕۆژانە چەندین كردەوە دەكرێت و ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی حەشدی شەعبی پۆلیسی فیدراڵ و ئەوانە ڕۆژانە دەكوژرێن، بۆیە ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان هێزی هاوبەش و ژووری عەمەلیات دروست بكرێت، ئێستا ئەمریكاش هەوڵی ئەوە دەدات كە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی كارێك بكەن كە هێزی پێشمەرگە وەك جاران بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە بۆ پاراستنی خەڵكەكە، بەڵام تائێستا نەبووەتە عەمەلی". 

ئەو بەرپرسەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە پێشتر و بۆ ماوەی شەش ساڵ وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بووە، سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریكا لە پاراستنی دۆخی ناوچەكە و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە لەو بابەتەدا زۆر گلەییمان لە ئەمریكا هەبووە، بەڵام ناتوانین بڵێین واز لە دۆستایەتی ئەمریكا دەهێنین، ئێمە گلەییمان لێی هەبووە و گلەیی خۆشمان لێكردوون لە ئاست سەركردایەتی سیاسی كورد و حكوومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم، هەروەها لە ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەییەكان پێمان گوتوون كە ئەگەر ئێوە گڵۆپی سەوزتان بۆ عێراق هەڵنەكردایە ئەوە عێراق هەرگیز نەیدەتوانی بەو شێوەیە بێت و پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگە بدات، بەڵام ئێستا گوشاری زۆری لەسەر عێراق هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەو پشتیوانییەی ئێستا دەیكەن پشتیوانییەكی گەورەیە". 

جەعفەر شێخ مستەفا باسی لەوەش كرد، ماوەی دووساڵە ئەمریكا مانگانە مووچەی تەواوی نزیكەی 36 هەزار پێشمەرگە لە یەكە جیاوازەكان دابین دەكات و ساڵانە بودجەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردووە. 

Paylas: