دوو کۆڵبەر لە سنووری کوردستان گیانیان لە دەستدا
کۆڵبەرێكی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران شەهید كرا، كۆڵبەرێكی دیكەش بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست دا، هاوكات كۆڵبەرێكیش بەهۆی هەڵدێران لە شاخەوە بە سەختی بریندار بووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە 24ی3ی2024، کۆڵبەرێکی تەمەن 22 ساڵەی خەڵکی بانە بە ناوی سۆران عەبدی، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرا و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکانی، شەهید بوو، دەگوترێ ئەو کۆڵبەرە خێزاندار بووە و هاوژینەکەی دووگیانە.
هاوکات کۆڵبەرێکی دیكەی خەڵکی گوندی زێڕان سەر بە شاری جوانڕۆ، بە ناوی محەمەد بایەر محەمەدی، تەمەن 48 ساڵ، لە کاتی کۆڵبەریدا، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، لە سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەكان، میلاد محەمەدی، تەمەن 15 ساڵ و کوڕی محەمەد بایەر، ڕۆژی هەینی لە کاتی کۆڵبەریدا لە هەمان سنوور، بەهۆی هەڵدێرانی لە شاخەوە، بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزشکیدایە.