TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆك بارزانی: ئەگەر کورد دەرفەتی پێ بدرێ، دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێ و هیچی لە نەتەوەکانی دیكە کەمتر نییە

Arsalan
Editor
📅 15 Mayıs 2024 19:21

رۆژی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە سەرباز بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی لەندەن لامبێس کرد.

لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی گرنگیی ڕۆڵ و بەشداریی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی تاراوگە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەت رۆلی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا و پشتگیری و هاوکاریکردنیان بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە پێناو ئاڵوگۆڕی زیاتری کولتووری و زانستی و سیاسیی و بازرگانی و تەکنەلۆژیا.

هەر لەو دیدارەدا، سەرباز بەرزنجی، ئەوەی بە سەرۆک بارزانی رایگەیاند، بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستان و تاراوگە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ لەو پێناوەدا.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرباز بەرزنجی کرد بۆ ئەو خزمەتەی بە گەلەکەی دەکات لە تاراوگە و هەوڵەکانی بۆ یادکردنەوەی فەرمی و کردنەوەی هەردوو مۆنۆمینتی هەڵەبجە و ئەنفال لە ناوەندە فەرمییەکانی وڵاتی بریتانیا. هەروەها وەک نموونەیەک وەسفی کرد کە ئەگەر کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت و هیچی لە نەتەوەکانی تر کەمتر نیە.

هەروەها هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست و هێمای بەوە دا، کە پێویستە بایەخ بە پڕۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژی کوردە فەیلییەکان و بارزانیەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالی گەلی کورد بدرێت.

Paylas: