مەسرور بارزانی لە هەولێر بەشداریی پرسەی سەركۆماری ئێران و یاوەرەكانی دەكات
كەمێك پێش ئێستا (سێشەممە 21/5/2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی گەیاندنی هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی سەركۆماری ئێران و یاوەرەكانی، گەیشتە كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر.
پاشنیوەڕۆی یەکشەممە 19/5/2024، هێلیکۆپتەرەکەی سەركۆماری ئێران، کە وەزیری دەرەوەی ئێران و دوو بەرپرسی باڵای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لەگەڵیدا بوون، لە باکووری پارێزگای شاری (تەورێز)ی ئێران و لە ناوچەیەکی شاخاوی و لە ناو دارستانێکی چڕدا کەوتە خوارەوە.
بەیانیی دووشەممە 20/5/2024، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسیی سەرکۆمار و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرجەم سەرنشینانی هێلیكۆپتەرەكەی ڕاگەیاند.
سەرکۆماری ئێران بە یاوەری حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ محەممەد عەلی هاشم، ئیمام جومعەی تەورێز، مەلەک ڕەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، تیمی هەلیکۆپتەرەکان و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە، کە ژمارەیان نۆ کەس بوو، گیانیان لەدەست داوە.