TR KU SO
FB X
Kurdistan

سامان عارەب باس لە دەست پێکردنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکان دەکات

سارا
Yazar
📅 29 Kasım 2024 07:55
پەیامی کورد   ...   سامان عارەب باس لە دەست پێکردنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکان دەکات

بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، حکوومەت کێشەی زۆربەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنانی لە ھەولێر چارەسەر کردووە و ئەوانەی ڕاگیرابوون ئێستا کاریان تێدا دەکرێت.

سامان عارەب، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر، ڕایگەیاند : ژمارەیەک پڕۆژە لەلایەن وەبەرھێنەرەکانیەوە تەواو نەکرابوون و کێشەیان تێدا بوو، بەڵام بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی ئەو پڕۆژانە چارەسەر کراوە و لە ئێستادا پڕۆژەکانی فلۆریا سیتی و وەرین سیتی دراونەتە وەبەرھێنەری نوێ و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، ھەروەھا پڕۆژەی دەشتی بەھەشتیش وەبەرھێنەری نوێی بۆ دیاریکراوە و لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی، ئەویش دەست بە تەواوکردنی دەکرێت.

بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر جەختیش دەکاتەوە: ھەر ھاووڵاتییەک بەشدار بووبێت لە کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لەو پڕۆژانە،‌ مافی پارێزراو دەبێت و حکوومەت پشتگیری دەکات، بۆ ئەوەی مافی پێ بدرێت لەناو پڕۆژەکە.

سەبارەت بە تاپۆکردنی یەکەکانی وەبەرھێنان، سامان عارەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوو ساڵە پڕۆسەی تاپۆکردنی یەکەکانی وەبەرھێنان دەستی پێکردووە و ژمارەیەک یەکە تاپۆ کراون، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت تێچووی تاپۆکردنیان کەم کراوەتەوە لەسەر ھاووڵاتیان و پڕۆسەکەش خێرا کراوە، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە تاپۆکردنیان.

Paylas: