لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەرما دەیان کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کردووە
پەیامی کورد... لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەرما دەیان کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کردووە
بەرپرسێکی تەندروستیی شاری دێلران لە پارێزگای ئیلام دەڵێت، 50 کەس بەهۆی گەرماوە نەخۆش کەوتوون و سەردانی نەخۆشخانەی سەرەکی ئەو شارەیان کردووە. بەپێی راپۆرتی کەشناسی، رۆژی رابردوو پلەی گەرما لە دێلران 51 پلەی سیلیزی بووە.
غوڵامڕەزا مەنسووری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شوهەدای شاری دێلران، ئەمڕۆ چوارشەممە 2-8-2023 رایگەیاند، رۆژی سێشەممە زیاتر لە 50 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەیان کردووە.
غوڵامڕەزا مەنسووری گوتی، 44 کەسیان چارەسەریان بۆ کراوە و چوونەتەوە ماڵەوە و 6 کەسەکەی دیکەیان خەوێنراون.
بەگوتەی سیروس نادری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ئیلام، پێشبینی دەکرێت، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پلەی گەرما بگاتە 52 پلەی سیلیزی.
سیروس نادری ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی، رۆژی سێشەممە پلەی گەرما لە شاری دێلران گەیشتووەتە 51 پلەی سیلیزی و بەو جۆرەش لە پێنج رۆژی رابردوودا ئەو شارە گەرمترین شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
رۆژی سێشەممە 1-8-2023 حکومەتی ئێران رایگەیاند، بۆ پاراستنی تەندروستی خەڵک، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پشووی فەرمی دەبێت و سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگەکان دادەخرێن.