مەحموود عوسمان ... سەرۆک بارزانی ڕۆڵی گرنگی لە چارەسەر کردنی کێشەکان هەیە
پەیامی کورد ... دوا بە دوایی ئەوەی دوێنێ (٣/٤/٢٠١٩) پارتی و یەکێتی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بۆ چارەکردنی پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی گەورەی لە چارەکردنی پرسەکان ھەیە.
دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕایگەیاند: "من پێم وایە کارێکی باشە پارتی و یەکێتی بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک بەرپرسانی یەکێتی ئاشکرایان کرد پەیوەندی ھەبووە لە نێوانیان و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و یەکێتی کارێکی چاکی کرد بەشداریی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا کرد."
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە پارتی و یەکێتی ھەر بگەنە ڕێککەوتن بۆ چارەکردنی پرسەکان، چوونکە پێشتریش ئەوان ھەرێمی کوردستانیان بەڕێوە بردووە و ڕێککەوتنیش ھەبووە، لەبەر ئەوە ئێستاش دەبێ پێکەوە کار بکەن بۆ بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان."
لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان، دکتۆر مەحموود عوسمان دەڵێت: "بمانەوێت و نەمانەوێت کاک مەسعوود بارزانی لەھەر پێگەیەکدا بێت ڕۆڵی سەرەکیی لە چارەکردن و یەکلاکردنەوەی پرسەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ھەموو کەسێک دەزانێت کاک مەسعوود بارزانی ڕۆڵی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئینجا سەرۆکی ھەرێم بێت، یان نەبێت، دەتوانێ ڕۆڵی گەورە لە چارەکردنی کێشەکان ببینێت."
دکتۆر مەحموود عوسمان داواشی کرد لە داھاتوودا سەرۆک بارزانی خۆی بچێتە نێو پرسەکان بۆ چارەسەرکردن و دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان گەورەترین ھێزی کوردستانە و کاک مەسعوود بارزانی دەتوانێ پرسەکان یەکلا بکاتەوە."