پەیامی مهسرور بارزانى بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی
پەیامی کورد... پەیامی مهسرور بارزانى بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى كوردستان، بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی، پهیامێكى پیرۆزبایی بڵاو كردهوه و ڕایدهگهیهنێت: "ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان بێت."
ئهمڕۆ شهممه 31/12/2022، مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان، پهیامێكى پیرۆزبایی بڵاو كردهوه و دهڵێت: "بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت."
سهرۆكى حكوومهت ئاماژهى بهوهش داوه: "سەرەڕای سنوورداریی تواناکانی بەردەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا، توانیمان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی ڕێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین، ئەمە جیا لەوەی ساڵی ڕابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەورووپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو."
ههر له پهیامهكهیدا، مهسرور بارزانى باسى لهوهش كردووه: "بەڵام بەداخەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماریش بووینەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی ئارامیی و سەقامگیریی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و هیچ کاتێک مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەنێک، بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاریی هەموو لایەک، درێژە بە پرۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین، بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و ڕێز لە سەروەریی یاسا بگرین."
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان دهشڵێت: "ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی، ساڵی نوێ لە هەموان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت."