ئەڵمانیا/ بنەماڵەیەکی کورد مەترسیی دیپۆرتکرانەوەیان لە سەرە
پەیامی کورد ... ئەڵمانیا/ بنەماڵەیەکی کورد مەترسیی دیپۆرتکرانەوەیان لە سەرە
هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەی پێنج ساڵە لە گەڵ بنەماڵەکەی وەکوو پەناخواز ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، داوای پەنابەرێتییەکەیان ڕەد کراوەتەوە و ئێستا مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانیان لە سەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هیوا مرادی لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی ”ئاڵا فەتحی“ لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەرانی ئەڵمانیا ئاگادار کراونەتەوە کە بە زوویی دیپۆرتی ئێران دەکرێنەوە. هەتا ئێستا دوو جار داوای پەنابەری ئەم خێزانە کوردە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەنابەریی ئەلمانیا ڕەد کراوەتەوە.
ئەو خێزانە کە دوو منداڵیشیان هەیە، لە سەرەتای پاییزەوە لە هەموو مافێک بێبەش کراون و پۆلیسی ئەڵمانیا ماوەی ٤ حەوتوو مۆڵەتی پێیان داوە و ئەگەر لەو ماوەیەدا ئەو وڵاتە جێنەهێڵن ئەوا دیپۆرتی ئێران دەکرێنەوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە و هاوژینەکەی ماوەی ٧ ساڵ ئەندامی کۆمەڵە بوون و لەو ڕووەوە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی موحاربەی بە سەردا سەپاوە، لەگەری دیپۆرتکرانەوەی بۆ ئێران، گیانی خۆی و خێزانەکەی لە مەترسی دەکەوێت.