ئاماری قوربانییانی بۆردومانەکەی پێنجوێن ئاشکرا کرا
پەیامی کورد... ئاماری قوربانییانی بۆردومانەکەی پێنجوێن ئاشکرا کرا
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو درۆنێک گوندەکانی کانی میرانی بابە عەلی و کانی میرانی کۆماری و ساڵیاوا و وریاوای بۆردومان کرد، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "درۆنەکە ژمارەیەک ئەندامی پژاک-ی کردووەتە ئامانج"، سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت: "کوژراو هەیە".
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەک شەممە 16ـی نیسانی 2023، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "لە کاتی بەربانگدا، درۆنێکی تورکی ژمارەیەک ئەندامی پژاک-ی لە نزیک پێنجوێن کردووەتە ئامانج"، بە پێی زانیاریەکانیش بە هۆی هێرشەکەوە کوژراو و بریندار هەیە.
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە وتیشی: "ئەوەی کە تا ئێستا زانراوە یەک ئۆتۆمبێل کراوەتە ئامانج، بەڵام هێشتا دیار نییە ئۆتۆمبێلی تر کراوەتە ئامانج لە نزیک ڕوداوەکە یاخود نا".
بە پێی وتەی سەرچاوەکە، درۆنی تر لە ناوچەکە بینراوە بۆیە هێشتا نەتوانراوە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕوداوەکە بکرێت ،هەر ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "هێزێکی پژاک گەیشتونەتە نزیک ڕوداوەکە و لە ئەوێ بڵاوەیان کردووە".
هاوکات عوسمان ڕەئوف ئەنجومەنی گوندی کانی میرانی کۆماری بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە: "بە پێی زانیارییەکانی ئێمە ئوتۆمبێلەکە لە جۆری مێکزەمینی بووە، 3 سەرنشینی تێدا بووە لە بەشی پێشەوە و بەشی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە لەبەر ئەوەی چادری پێوە بووە دڵنیا نین لە ئەوەی کەسی تێدا بووبێت، دوای ئەوەی ساروخی یەکەم نەیتوانی بیان پێکێت لە ڕێگەی ساروخی دووەمەوە لێیان درا".
ڕاشیگەیاند: "بە پێی زانیارییەکانی ئێمە بەهۆی هێرشەکەوە 3 کوژراو و بریندارێک هەیە".