TR KU SO
FB X
Kurdistan

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کرد

سارا
Yazar
📅 27 Nisan 2020 20:46

پەیامی کورد    ...     مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق كۆبوەوە و رایگەیاند،"نابێت حکومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی وسزادان لە دژی  هاوڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت."

ئەمڕۆ دوشەممە،  مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کرد و گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا ئەنجامدا.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بڕیاری نایاسایی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان کە نیوەی موچەی مووچەخۆرانی هەرێمە لەلایەن حکومەتی بەغدا و  جەختی لەوە کردەوە، کە بڕیارێکی نایاساییە و فشارێکی سیاسییە لە دژی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان . 

مەسروور بارزانی رایگەیاند،"هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدامان کرد و نیازپاکی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور نیشاندا و چەندین پێشنیاریشمان بۆ چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان خستەڕوو کە سەرەنجام لە کۆتایی ساڵی رابردو، حکوومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەیشتنە لەیەکگەیشتنێکی باش لە بارەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بە جۆرێک کە حکومەتی هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و حکوومەتی فیدرالیش بڕی ( ٩٠٠ ) نۆسەد ملیۆن دۆلار وەک مووچە و شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان  بنێرێت، بەڵام بەداخەوە دواتر کاربەدەستانی بەغدا ئامادەییان بۆ جێبەجێکردنی نەبوو."

راشیگەیاندوە،"نابێت حکوومەتی فیدراڵی بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو کارتێکی سیاسی و سزادان لە دژی هاووڵاتییانی هەرێم بەکاربهێنێت کە ئەمە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییانی هەرێمە."
لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆکی حکوومەت هاوكاری و پشتگیری هەرێمی کوردستانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەربڕی لە سەر بنەمای هاوبەشیی و پابەندبوون بە دەستوور .
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا. 
نوێنەری رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە عێراق، ستایشی رێکارەکانی خۆپارێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ووتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر سەرکەوتوو و ناوازەیە و جێی شانازییە.

Paylas: