میت لەناو کەمپی مەخموورەوە دوو ئەندامی پەکەکەیان گەڕاندەوە تورکیا
پەیامی کورد... میت لەناو کەمپی مەخموورەوە دوو ئەندامی پەکەکەیان گەڕاندەوە تورکیا
دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) پرۆسەیەک ئەنجام دەدات و دوو ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیر دەکات.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاوی کردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری (MİT)دا، بۆ سەر کەمپی مەخموور "لە باکووری عێراق"، هەر یەک لە (خەتیب گونەی) کە ناوە نهێنییەکەی (شاهان/جیهان)ەو (ئایا ئەحمەد سولەیمان) کە ناوە نهێنییەکەی ('تێکۆشان/جیڤان)ە دەستگیر کران و برانەوە بۆ تورکیا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە هاتووە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر کەمپی مەخموور ئەنجام داوە کە یەکێکە لە گرنگترین بنکەکانی پەکەکە.
ئاماژەشیان کردووە، گونەی لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٩دا بە ڕێگەی نایاسایی لە قەزای باشکالەی پارێزگای وانەوە چووەتە ئێران بەمەبەستی پەیوەندیکردن بە کادیرانی پەکەکە/کەجەکە، لەوێشەوە چووەتە عێراق مەشق و ڕاهێنانی کردووە، دواتر ڕەوانەی کەمپی مەخموور کراوە و لە پاش ڕاهێنانی ئایدیۆلۆژیا و مەشقی چەکداریی وەک فەرماندەی ئەو تیمە چالاکی ئەنجام داوە.
هەروەها ئایا ئەحمەد سولەیمان لە ساڵی ٢٠١٥دا، پەیوەندیکردووە بە ڕیزەکانی پەکەکە/کەجەکە و دواتریش پەیەدە/یەپەگە-یەپەژە، لە ساڵی ٢٠١٧دا لە سووریاوە چووەتە عێراق و لە ناوچەی گارە مەشقی کردووە، پاشان لە ناوچەی ئاڤاشین-باسیان چالاکی ئەنجام داوە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٨دا چووەتە کەمپی مەخموور.