پارەی ١٥٠ پڕۆژە لە لایەن حکوومەتەوە تەرخان کرا
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە گوتی، ئەمساڵ زیاتر لە ١٥٠ پڕۆژەی جۆراوجۆریان پێشكەشی حكوومەت كردبوو و ڕەزامەندییش دراوە و پارەی بۆ دیاری كراوە، بۆیە بڕیارە لەمساڵدا دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت.
زانا عوزێر، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ڕایگەیاند: "ئێمە بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ١٥٠ پڕۆژەی جۆراوجۆرمان پێشكەش كردووە لە سەرتاسەری كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانیش، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ڕەزامەندی نیشان داوە بۆ ئەوەی پارەیان بۆ دابین بكرێت و دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت".
عوزێر ووتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر سەرجەم پڕۆژەكان دەربڕیوە كە پڕۆژەی جۆراوجۆرن و دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت لەلایەن بەڵێندەرانەوە، ھەر پڕۆژەیەكیش بەپێی قەبارەی خۆی پارەی بۆ دیاری كراوە، بۆیە چاوەڕێی خەرجكردنی پارەكە دەكەین، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت، چوونكە ماوەی چەند ساڵێكە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پارەمان بۆ تەرخان نەكرابوو".