رۆژنامەنووسێکی کورد یڵدرم شەرمەزار دەکات
دوێنێ پێنجشەممە ، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ھەریەکە لە ئەنجیلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەڕێوە چوو.
ئارمانج عەگید نێروەیی، ڕۆژنامەنووسی کورد کە پێشتر پەیامنێری ئاژانسی "باسنیوز" بووە لە ئەڵمانیا و ئێستا وەک ڕۆژنامەنووسێکی فریلانس کارەکانی ئەنجام دەدات، لەمیانەی پرێس کۆنفرانسەکەدا، چەند وێنەیەکی ئەو منداڵانەی عەفرینی نیشانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا دا ، کە بە ھۆی بۆردومانی فڕۆکە و هێزەکانی سەر بە تورکیاوە بوونەتە قوربانی.
لەو کاتەی کە ڕۆژنامەنووسە کوردەکە سەرقاڵی نیشاندانی وێنەی منداڵانی قوربانیی ئۆپەراسیۆنی عەفرین بوو، یڵدرم بە پێکەنینەوە دەڵێت" ئەو برادەرە سەرقاڵە"، دواتر ڕۆژنامەنووسە کوردەکە بەردەوام دەبێت لە نیشاندانی وێنەکان و بەو هۆیەوە یڵدرم تووڕە دەبێ و پێی دەڵێت" پڕوپاگەندە مەکە، ئەو وێنانە ھی شوێنی دیکەن، ئەگەر دەتەوێ بزانی لە عەفرین چی دەگوزەرێ، وەرە سەردانی بکە". دواتر پاسەوانەکانی ھۆڵەکە وێنەکان لە ڕۆژنامەنووسە کوردەکە وەردەگرن.