ئێران و سعودییە پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە
پەیامی کورد... ئێران و سعودییە پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە
ئێران و سعودیە ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوانیان و بریارە بەم نزیكانەش ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر پرسەكانی نێوانیان بكەن.
ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاویكردەوە، بەرپرسانی باڵای ئێران و سعودییە لەماوەی ڕابردوودا بەسەرۆكایەتی (عەلی شەمخانی) چەندین كۆبوونەوەی چڕو پڕیان ئەنجامداوەو هەردوولا ڕێككەوتوون لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ریاز.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوە كردوە، ئەو كۆبوونەوانە لەدوای سەردانی سەرۆك كۆماری ئێران دێت بۆ چین كە تیایدا یەكێك لە پرسە سەرەكییەكان ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تاران و ریاز بووە.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە بەم نزیكانەی رێككەوتنی كۆتایی لەسەر ئەو پرسانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كردوون بكرێت و پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات ئاسایی بكرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینیش لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ریازو تاران ڕایانگەیاندووە، ئێران و سعودیە ڕێككەوتوون لەسەر دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانیان.
بەپێی زانیارییەكان، بڕیار وایە لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا هەردوو وڵات باڵیۆزخانەكانیان بكەنەوە.