TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری زارا محەمەدی دەستگیر كرا و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

Rozan Ateş
Yazar
📅 30 Aralık 2023 22:34


پەیامی کورد... سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری زارا محەمەدی دەستگیر كرا و بۆ بەندیخانە گوازرایەوە

سەیوان ئیبراهینی، هاوسەری زارا محەمەدی بە مەبەستی تیپەڕاندنی حوکمی یەک ساڵ بەندکران و لێدانی 40 قامچی، بۆ بەندیخانە گوازرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە 30/12/2023، سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری زارا محەمەدی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای یەک ساڵ بەندکران و لێدانی 40 جار قامچی دەستگیر كرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان کرا.

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، لە (ئیسنتاگرام)ی تایبەتیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، كە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش" بە 10 ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" بە یەک ساڵ بەندکران و بە کۆی گشتی بە 11 ساڵ بەندکران سزا درا.

سەیوان ئیبراهیمی، لە کۆتایی هاوینیشدا لە دۆسیەیەکی دیکە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە و لێدانی 40 قامچی سزا درا، لە دادگای پێداچوونەوە سزاکان، سزای بەندکران و لێدانی قامچییەکەی پەسەند کرا و سزای دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان هەڵوەشایەوە.

سەیوان ئیبراهیمی، پێشتر لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی، باسی هۆکاری سەپاندنی سزاکەی کرد کە 12 ساڵ بەندکرانە، "بەرپرسیاریەتی لە ئەنجوومەنی نۆژین و چالاکییەکانی ئەم ئەنجوومەنە"، "پشتگیری لە خۆڕاگریی هاوژینەکەی، زارا محەمەدی"، "بڵاوکردنەوەی وێنەی شەهیدان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" هەروەها، "هەبوونی پەیوەندیی بە کەناڵی کورد تی ڤی" ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە لە هەبوونی ئەم کەناڵە ئاگادار نییە.

سەیوان ئیبراهیمی، ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نۆژین، ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا، دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

Paylas: